مەریوان؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی محەممەد پەروازە

14:41 - 13 گەلاوێژ 2725

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە کاتی دەسبەسەرکرانی محەممەد پەروازە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: بەدواداچوونی بنەماڵەی پەروازە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ ئاکام بووە.

ڕۆژی چوارشەممە یەکی گەلاوێژی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە سێڕێیانی گوندی "نێ" دەسبەسەر کرد.

ئەم هاووڵاتییە خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە. محەممەد پەروازە پێشینەی دەسبەسەر کران و سزادرانیشی هەیە.

هەتا کاتی بڵاوبووەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی محەممەد پەروازە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.