ئیلام؛ مووسا ئومیدی، ئەندامی بەرەی یەکگرتووی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٤، مووسا ئومیدی، چالاکی سیاسی و بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە سیاسییە و دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێ کەلوپەلی کەسی ناوبراو لەوانە لەپتاب، مۆبایل و کتێبەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
مووسا ئومیدی نووسەر، لێکۆڵەری کۆمەڵایەتی و مامۆستای پێشووی زانکۆ بووە کە بە هۆی ڕوانگەی ڕەخنەگرانە لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.
ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١، ئەم چالاکە سیاسییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپەکان یان ڕێکخراوەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بانگی دادسەرای ئیلام کرابوو.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی مووسا ئومیدی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.