بەرزان ساڵحی، کۆڵبەری خەڵکی بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژرا
21:56 - 6 گەلاوێژ 2725

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "بەرزان ساڵحی" خەڵکی بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری ئەم شارە گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە سنووری "سەیرانبەند"ی بانە تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: تەرمی ئەم کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە ڕاگوێزراوە.
بەرزان ساڵحی تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار بووە و چوار منداڵی هەیە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە یەکی گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئەمین گەردی" خەڵکی گوندی "کانی تەمرخان" سەر بە شاری مەریوان بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە بەرزاییەکانی "تەتە"ی ناوچەی هەورامانی شاری سەوڵاوا گیانی لەدەست دا.