سنە؛ چیاکۆ یووسفی‌نژاد، دووهەمین چالاکی ژینگەپارێز بە هۆی سەختی برینەکانییەوە بە هۆی ئاگرکەوتنەوەکەی ئاویەر، گیانی لەدەست دا

10:23 - 6 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، چیاکۆ یووسفی‌نژاد، دووهەمین چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە، بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە کە بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ئاویەری سنە تووشی سووتان ببوو، پاش سێ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەت لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە، گیانی لەدەست دا.

چیاکۆ یووسفی‌نژاد کە ڕاهێنەر و قارەمانی پێشوو و ئەندامی تیمی میللیی بووە، دووهەمین چالاکی ژینگەپاریزی خەڵكی سنەیە کە گیانی لەدەست دا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤یش، حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێز و بەرپرسی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "شنەی نۆژینی کوردستان" بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە بە هۆی سووتان لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگردا، لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە گیانی لەدەست دا و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ناوبراو بە بەشداریی هەزاران کەس لە خەڵکی سنە و بە وتنەوەی دروشمی شەهید نامرێ و بە شێوەیەکی بەشکۆ لەسەر مەزارەکەی  بەڕێوە چوو.

لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری کێوی ئاویەری سنە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤دا، پێنج چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز تووشی سووتان بوون کە دۆخی چەند کەسیان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە و بۆ بەشی چاوەدێڕیی تایبەت ڕاگوێزراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، بەشێکی بەرفراوان لە داوێنی کێوی ئاویەر، لەوانە پشت پارکی منداڵان" و ناوچەکانی دەوروبەری شارەکی زاگرۆس و حەسەناوا ئاگریان گرت. ئەم ئاگرە لە کاتژمێر ١٣:٣٠ دەستی پێ کردبوو و بە هەوڵی بێوچانی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی شاری سنە کۆنتڕۆڵ کرا. هێزەکانی حکوومەت تەنیا ئەرکی ڕاگواستنی بریندارەکانیان لە ئەستۆ گرتبوو و کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بە تەواوەتی لەلایەن خەڵکەوە بوو.

هۆکاری ئەم ئاگرکەوتەوەیە ڕوون نییە. ئاگرکەوتنەوە بەربڵاوەکان لە لەوڕگە و دارستانەکانی کوردستان بوونەتە دیاردەیەکی ساڵانە، بەڵام نەبوونی پلان و کەمبوونی ئیمکانات لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بوونەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز هەموو ساڵێک بە ئیمکاناتی سنووردار هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانە بدەن. ئەم دۆخە تاکوو ئێستا گیانی دەیان چالاکی ژینگەپارێزی ئەستاندووە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆریش بریندار دەبن.

سەرەڕای ئیدعای میدیاکانی حکوومەت لەمەڕ ئامادەبوونی "پێنج تیمی ئاگرکوژێنەوە بە هەموو ئیمکاناتەوە"، بە وتەی سەرچاوە خۆجێییە ئاگادارەکان، کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەدەستی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز و چالاکانی مەدەنی بووە. ئەم ڕاستییە جارێکی دیکە ناکارامەیی ناوەندە فەرمییەکان لە بەرانبەر ئەم قەیرانانە و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی خەڵک و چالاکان ئاشکرا دەکات.