سنە؛ حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێز بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا

00:29 - 4 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤، حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێز و بەرپرسی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "شنەی نۆژینی کوردستان" بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە بە هۆی سووتان لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگردا، لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، دوابەدوای ئاگرتێبەردرانی کێوی ئاویەری سنە، حەمید مورادی لەگەڵ چوار چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی تووشی سووتانی توند بوون و بۆ نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە ڕاگوێزران. چەند کەسیش بە هۆی هەڵمژینی دووکەڵ و برینی سووک چارەسەری پزیشکییان بۆ کرا.

ئەم ئاگرە بە هەوڵی بێوچانی هێزە خەڵکییەکان و چالاکانی ژینگەپارێز کۆنتڕۆڵ کرا، لەکاتێکدا کە هێزەکانی حکوومەت تەنیا ئەرکی ڕاگواستنی بریندارەکانیان لە ئەستۆ گرتبوو.

هۆکاری ئەم ئاگرکەوتەوەیە ڕوون نییە. ئاگرکەوتنەوە بەربڵاوەکان لە لەوڕگە و دارستانەکانی کوردستان بوونەتە دیاردەیەکی ساڵانە، بەڵام نەبوونی پلان و کەمبوونی ئیمکانات لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بوونەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز هەموو ساڵێک بە ئیمکاناتی سنووردار هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانە بدەن. ئەم دۆخە تاکوو ئێستا گیانی دەیان چالاکی ژینگەپارێزی ئەستاندووە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆریش بریندار دەبن.

سەرەڕای ئیدعای میدیاکانی حکوومەت لەمەڕ ئامادەبوونی "پێنج تیمی ئاگرکوژێنەوە بە هەموو ئیمکاناتەوە"، بە وتەی سەرچاوە خۆجێییە ئاگادارەکان، کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەدەستی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز و چالاکانی مەدەنی بووە. ئەم ڕاستییە جارێکی دیکە ناکارامەیی ناوەندە فەرمییەکان لە بەرانبەر ئەم قەیرانانە و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی خەڵک و چالاکان ئاشکرا دەکات.