کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سەوڵاوا و مەریوان
00:18 - 4 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی چوارشەممە یەکی گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئەمین گەردی" خەڵکی گوندی "کانی تەمرخان" سەر بە شاری مەریوان بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە بەرزاییەکانی "تەتە"ی ناوچەی هەورامانی شاری سەوڵاوا گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.
ئەمین گەردی تەمەنی ٤٠ ساڵ بووە و خێزاندار بووە و منداڵێکی هەیە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "ڕەسووڵ فەتحی" خەڵکی مەریوان بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارە بریندار کرا.
ئەم کۆڵبەرە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەریوان کرا.