ورمێ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئەمین کەریمی، هونەرمەند و ئەکتەری تێئاتر

23:56 - 3 گەلاوێژ 2725

٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٣ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەمین کەریمی ناسراو بە "ئەمینۆ"، هونەرمەند و ئەکتەری تێئاتری خەڵکی ورمێ سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هونەرمەندە لە ماوەی دەسبەسەرکرانییەوە تاکوو ئێستا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێدا لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.

ئەم سەرچاوەیە وتی: بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم ئەکتەرە بۆ ئاگاربوونەوە لە چارەنووس و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان لە دژی کوڕەکەیان بێ ئاکام بووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند: هەژمارەکانی ئەم هونەرمەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەڕیوە دەچن.

ئەمین کەریمی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش مانگێک لیپرسینەوە ئازاد کرابوو.

لەم دواییانەدا زنجیرەی "تاژدین و ئەمینە" بە دەرهێنەریی ئەمین کەریمی، لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئەمین کەریمی لە کاتی گەڕانەوە لە تورکیە لە سنووری "سێرۆ"ی ورمێ لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان لە دژی ناوبراو، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.