مەهاباد؛ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سەیدکەماڵ ئیبراهیمی هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە و مامۆستای زانکۆ لە مەهاباد

18:57 - 12 پووشپەڕ 2725

١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی سەیدکەماڵ ئیبراهیمی، هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە و مامۆستا لە زانکۆی پەرستاریی مەهاباد، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤، سەیدکەماڵ ئیبراهمی تەمەن ٣١ ساڵ، هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە و مامۆستا لە زانکۆی پەرستاریی مەهاباد، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات بۆ شوێنی کارەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵە، سەبارت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک دەست نەکەوتووە. هەروەها هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم مامۆستایە ناڕوونن.

پێویستە بگوترێ کە لە ماوەی ڕۆژانی ٣ و ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا، شەش هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی نەغەدە بە ناوەکانی ئەمین باشوکی، کاوە قادری، ڕەحمان خاڵخانی، فەرهاد کەریمی، سامان کاکەمەمی و سامان سەیدمەحموودیان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.