ئاگرکەوتنەوەی بەرین لە کێوی ئاویەری سنە؛ پێنج چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز تووشی سووتان بوون

٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤؛ بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرین لە کێوی ئاویەری سنە، پێنج چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی تووشی سووتانی زۆری جەستە بوون و بۆ نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە ڕاگوێزران. چەند کەسیش بە هۆی هەڵمژینی دووکەڵ و برینی سووک چارەسەری پزیشکییان بۆ کرا. ئەم ئاگرە بە هەوڵی بێوچانی هێزە خەڵکییەکان و چالاکانی ژینگەپارێز کۆنتڕۆڵ کرا، لەکاتێکدا کە هێزەکانی حکوومەت تەنیا ئەرکی ڕاگواستنی بریندارەکانیان لە ئەستۆ گرتبوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، بەشێکی بەرچاو لە داوێنی کێوی ئاویەر، لەوانە پشت "پارکی مندالان" و ناوچەکانی دەوروبەری شارەکی زاگرۆس و حەسەناوا، ئاگریان گرت. ئەم ئاگرە کە لە کاتژمێر ١٣:٣٠ دەستی پێ کردبوو، بە هەوڵی بێوچانی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی سنە کۆنتڕۆڵ کرا. هێزەکانی حکوومەت تەنیا بۆ ڕاگواستنی بریندارەکان نێردرابوونەوە شوێنەکە و هەموو ئەرکی کۆنترۆڵ و کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ئەستۆی خەڵک و چالاکان بوو.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدا، پێنج چالاکانی مەدەنی و ژینگەپاریز تووشی سووتان بوون کە دۆخی دوو کەسیان بە ناوەکانی "موحسن حوسێنپەناهی" و "حەمید مورادی" ناجێگیر ڕاگەیەندراوە و بۆ بەشی چاوەدێریی تایبەت ڕاگوێزراون. "خەبات ئەمینی"، "چیاکۆ یووسفنژاد" و "سەید مستەفا هەژیر"یش سێ کەس لە بریندارەکانی ئەم ئاگرکەوتنەوەیەن. جیا لەمەش چەند کەسی خۆبەخش بە هۆی هەڵمژینی دووکەڵ و سووتان تووشی کێشەی هەناسەدان و برینی سووک بوون.
هۆکاری ئەم ئاگرکەوتەوەیە ڕوون نییە. ئاگرکەوتنەوە بەربڵاوەکان لە لەوڕگە و دارستانەکانی کوردستان بوونەتە دیاردەیەکی ساڵانە، بەڵام نەبوونی پلان و کەمبوونی ئیمکانات لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بوونەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز هەموو ساڵێک بە ئیمکاناتی سنووردار هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانە بدەن. ئەم دۆخە تاکوو ئێستا گیانی دەیان چالاکی ژینگەپارێزی ئەستاندووە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆریش بریندار دەبن.
سەرەڕای ئیدعای میدیاکانی حکوومەت لەمەڕ ئامادەبوونی "پێنج تیمی ئاگرکوژێنەوە بە هەموو ئیمکاناتەوە"، بە وتەی سەرچاوە خۆجێییە ئاگادارەکان، کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەدەستی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز و چالاکانی مەدەنی بووە. ئەم ڕاستییە جارێکی دیکە ناکارامەیی ناوەندە فەرمییەکان لە بەرانبەر ئەم قەیرانانە و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی خەڵک و چالاکان ئاشکرا دەکات.