گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ؛ دەسبەسەرکردنی توندوتیژانە و ناڕوونیی چارەنووسی کاوە ڕەحیمی هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان پاش زیاتر لە ٢٣ ڕۆژ

23:27 - 3 گەلاوێژ 2725

یەکی گەلاوێژی ١٤٠٤؛ سەرەرای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی "کاوە ڕەحیمی" هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی بۆکان و ڕاگواستنی بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ورمێ، سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کاتژمێر ٣ی نیوەشەو، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی ورمێ، بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "کاوە ڕەحیمی"، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی بۆکان و وێڕای شکاندنی دەرکی ماڵەکەی، بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەریان کردووە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی وڕمێیان ڕاگواستووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە، تاکو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو زانیارییە دەست نەکەوتووە و هیچ مافێکی پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ نەدراوە و هەروەها لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەیش بێبەری کراوە.

ناڕوونیی چارەنووسی کاوە ڕەحیمی و وڵامدەرنەبوونی ناوەندە پێوەندیدارەکان، نیگەرانیی بەماڵەی ئەم هاووڵاتییەی بە دواوە بووە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.