ئیلام؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ساسان چەمەن‌ئارا بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هونەرمەندی کورد

23:14 - 3 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ساسان چەمەن‌ئارا، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هونەرمەندی کوردی خەڵکی ئیلام، لەلایەن ‌هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

جەواد چەمەن‌ئارا برای ساسان بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەی ئێکسی خۆیدا نووسی: ساسان چەمەن‌ئارا ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤، لە کاتی ڕۆیشتن بۆ لای پارێزەر بۆ بەدوداچوونی دۆسییەی ئەم دواییانەی خۆی، لە پێش چاوی هاوڕێکانیەوە لەلایەن ٩ کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئیلامەوە کە ماسکیان پێ بووە، دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بە وتەی ئەو هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ساساندا هەڕەشەیان لە هاورێکانیشی کردووە کە مافی بڵاوکردنەوەی هیچ بابەتێکیان لە پێوەندی لەگەڵ ئەم دەسبەسەرکردنەدا نییە.

مریەم کیان ئێرسی، پارزەری ساسان چەمەن‌ئاراش بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەی ئێکسی خۆیدا نووسی: "دەسبەسەرکرانی بریگرتەکەم لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو بەپێی بەڵگەی بانگکرانی فەرمی لەلایەن لقی ٤ی لێپرسینەوەی دداسەرای ئیلام، ماوەی پێنج ڕۆژ کاتی هەبووە کە خۆی بەم ناوەندە بناسێنێ و ئەم ماوەیە هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە.

بەپێی بەڵگەی بانگکرانە ئێڵیكترۆنییەکەی ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤، لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیلام، ساسان چەمەن‌ئارای بە مەبەستی بەرگری لە خۆی هەتا پێنج ڕۆژی دیکە بانگ کردبوو.

دەسبەسەرکرانی بەردەوام و گوشاری ئەمنییەتی دژی ساسان چەمەن‌ئارا؛ لە ئەشکەنجە هەتا تووشبوون بە نەخۆشیی خودئیمەنی؛

ساسان چەمەن‌ئارا هونەرمەندی خەڵکی ئیلام و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بەم دەسبەسەرکرانەوە تاکوو ئێستا سێ جار دەسبەسەر کراوە و سەرجەم دوو دۆسییەی دادوەری و ئەمنییەتیی بۆ کراوەتەوە. ئەم دۆسییانە پێنج ساڵ و سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو و ٢٠٠ میلیۆن سزای نەختییان بۆ ناوبراو بە دواوە بووە.

ناوبراو یەکەم جار لە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠دا دەسبەسەر کرا. بۆ ماوەی ٣٩ ڕۆژ لە گرتنگەی ئەمنیەتیدا بوو و بنەماڵەکەی ئاگاداری دۆخی نەبوون و لەوێ ئەشکەنجە درا و پاش ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی بە دۆخی نامرۆڤانە و نەبوونی دەرمان، مانی لە خواردن گرت. جاری دووهەم لە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٢دا و بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوای ٨ ڕۆژ، لە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. دۆخی بەندیخانە، بەتایبەت لە تارانی گەورە، لە ڕووی ئێمکاناتی ژیان خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەستڕاگەیشتن بە دەرمان سنووردار بوو. ئاوی گەرم تەنیا سێ ڕۆژ لە ئەفتەدا هەبوو و بنەماڵەکان بۆ ناردنی دەرمان سنووردار کرابوون.

ڕۆژی هەینی ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٣، مریەم کیان ئێرسی، پارێزەری ساسان چەمەن‌ئارا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس باسی لە تووشبوونی بریگرتەکەی بە نەخۆشیی "پێسۆریازیس" کرد و ڕایگەیاند: "ساسان چەمەن‌ئارا وەک باقی چالاکانی دیکە پاش ئازادبوون لە بەندیخانە، ماوەیەکە تووشی نەخۆشیی خۆبەرگری (پێسۆریازیس) بووە. دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە نەخۆشییە لە نێوان بەندکراوانی سیاسی جێگای پرسیارە و بووەتە هۆی نیگەرانیی کۆمەڵگەی مەدەنی."

پێشینەی دەسبەسەرکران و سزادرانی ساسان چەمەن‌ئارا بەپێی ڕێکەوت و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن کوردپاوە؛

ڕۆژی ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، ساسان چەمەن‌ئارا لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ئیلامەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی گرووپەکان و میدیا دژبەرەکان"، بە سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو و پێبژاردنی ٢٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا درا.

ناوبراو ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، باسی لە ڕادەستکردنی دۆسییەکەی بۆ لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلام کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ساسان چەمەن‌ئارا بە مەبەستی وەرگرتنی ئاخرین بەرگری سەبارەت بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپەکان و ڕێکخراوەکانی دژبەری نیزام"، بانگی لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیلام کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٢، سێ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی ساسان چەمەن‌ئارا و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کرد و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامیان ڕاگواست.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ئازاد کرا.

ساسان چەمەن‌ئارا، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، ناوبراو بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لە گرتنگەی "یەک ئەلف"ی ئیتلاعاتی سپا و ١٨ ڕۆژیش لە بەندی "٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین" کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتە لە دەسبەسەریدا بووە. ئەم هونەرمەندە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ئەشکەنجە دراوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە نەشیاوی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرابوو و پاش یەک مانگ دەسبەسەرکران یەک جار پێوەندییەکی تلفۆنیی یەک خولەکیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتبوو. ناوبراو پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی تارانی گەورە کرابوو و بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەمەڕ دۆخی خۆی و دەسپێڕانەگەیشتن بە درمان، مانی لە خواردن گرتبوو.

٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ساسان چەمەن‌ئارا، پاش ١٠٩ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا، لە بەندیخانەی تارانی گەورە ئازاد کرا.