مەهاباد؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی خدر و کلارا ڕەسووڵی، باوک و خوشکی کارۆ ڕەسووڵی و هەڕەشەی میدیاکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ

٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی خدر ڕەسووڵی (لەدایکبووی ١٣٣٥) و کلارا ڕەسووڵی (لەدایکبووی ١٣٦٧)، دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کە باوک و کچن، هێشتا لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێدا دەسبەسەرن و بە شێوەی نایاسایی ڕاگیراون. ئەوان لە مافی پێوەندی و چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون و هاوکات، میدیاکانی سەر بە ناوەندە ئەەمنییەتییەکان هەڕەشەیان کردووە کە بەم زووانە دانپێدانانی زۆرەملێی خدر ڕەسووڵی بڵاو دەکەنەوە؛ دانپێدانانێک کە لەژێر گوشاردا و لە دۆخێکی نایاساییدا تۆمار کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کاتژمێر ١٢ و ٣٠ خولەکی نیوەشەو، تیمێک لە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی ورمێ بە هێرشی توندوتیژانە بۆ سەر ماڵی خدر ڕەسووڵی، وێڕای شکاندنی دەرکە و بێڕێزی و سووکایەتیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەکە، خدر و کلارا ڕەسووڵییان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە بێ ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکانیان دەسبەسەر کردوون و بۆ یەکێک لە گرتنگەکان ئەمنییەتییەکانی ورمێیان ڕاگواستوون.
دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە هۆی چالاکی سیاسیی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە؛
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەسبەسەرکرانانە هیچ هۆکار یان تۆمەتێکی یاسایی ڕوونیان نییە و تەنیا بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانی کارۆ ڕەسووڵی، کوڕی ئەم بنەماڵەیە. کارۆ ڕەسووڵی لە چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
پێشینەی گوشارە ئەمنییەتییەکان دژی خدر ڕەسووڵی؛
خدر ڕەسووڵی لە ماوەی زیاتر لە ٢٢ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵ هەڕەشە، بانگکران، دەسبەسەرکرانی کاتی و سزای بەندکران بەرەوڕوو بووەتەوە. ناوبراو پێشتریش بە هۆی ئەندامەتیی کوڕەکەی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، دەسبەسەر و بە ٥ ساڵ بەندکران و دواتر بێبەریکرانی کۆمەڵایەتی مەحکووم کرابوو.
هەروەها چەندین جاریش بۆ چەندد کاتژمێر هەتا ڕۆژێک بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە.
لەلایەکی ترەوە لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، هێزە ئەمنییەتییەکان جارێک هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەی و جارێکیش تەقەیان لە ماڵەکەی کردبوو و لە دوو حاڵەتی جیاشدا هەڕەشەی ئاگرتێبەردانی ماڵەکەیان لێ کردبوو.
هەڕەشە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ و کەڵکوەرگرتن لە میدیا؛
لە ڕۆژی ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا، کاناڵەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بێ ئاماژەی ڕاستەوخۆ بە ناوی هیچکەس، ڕایانگەیاند کە بەم زووانە دانپێدانانی زۆرەملێ سەبارەت بە "باوکی کارۆ ڕەسووڵی" بڵاو دەکرێتەوە. لەم هەواڵەدا باوکی کارۆ ڕەسووڵی بە "کۆکردنەوەی زانیاری لە ناوەندە نیزامییەکانی مەهاباد و ناردنی لە بەرانبەر پارەدا بۆ کوڕەکەی" تۆمەتبار کراوە. ئەم هەوڵە نیشانەیەکی ئاشکرا لە ئەشکەنجە و گوشاری دەروونی بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی ساختە و بڵاوکردنەوەی وەکوو ئامرازێکی تەبلیغاتییە.
بە سەرنجدان بە بەڵگەکان، دەسبەسەرکرانی خدر و کلارا ڕەسوولی بە بێ هیچ بنەمایەکی یاسایی بووە و تەنیا بە هۆی پێوەندیی بنەماڵەیی لەگەڵ چالاکێکی سیاسیی بووە. ئەم هەوڵانە نیشانەی ئاشکرای دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، سزادانی بەکۆمەڵ، بێبەریکردن لە مافی بنەڕەتی، ئەشکەنجەی دەروونی و پێشێلکردنی ئاشکرای بڕگەکانی ٩، ١٠ و ١٤ی پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی یاسایی مەدەنی و سیاسییە.
هەڕەشە بۆ دانپێدانانی تلویزیۆنی و بێبەریکردن لە چارەسەری پزیشکیش وەکوو پێشێلکردنی ئاشکرای کۆنوانسیۆنی دژی ئەشکەنجە بەئەژمار دێت.
دۆخی تەندروستی و مەترسییە گیانییەکان؛
لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا خدر ڕەسووڵی دوو جار نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و لەژێر چاوەدێری پزیشکدایە. بەڵام لە ماوەی ١٣ ڕۆژی ڕابردوودا ناوبراو لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی بێبەری کراوە کە ئەمە گیانی ناوبراو دەخاتە مەترسییەوە.