سلێمان عەبدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان بە خانەنشینکران و کەمکردنەوەی دوو گرووپ مەحکووم کرا

20:03 - 30 پووشپەڕ 2725

سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان – سەقز لەلایەن لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندەکانی پارێزگای سنە بە خانەنشینکران بەپێی ساڵەکانی خزمەتگوازریی دەوڵەتی بە کەمکردنەوەی دوو گرووپ مەحکووم کرا.

کۆبوونەوەی لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پارێزگای سنە بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سلێمان عەبدی لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، ئازاد کرا.

ڕەشەمەی ١٤٠٢ ماوەی حوکمی ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان – سەقز بۆ زیندانی باز، گۆڕدرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان – سەقز بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز کرا.

ئەم چالاکە سێنفییە پێشتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقزەوە سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ڕۆژی دوشەممە، ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢، ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لە دۆسییەیەکی تردا و بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نایاسایی لە گۆڕستانی ئایچی"، لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەری ٢ی سەقزەوە بە ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٠ قامچی سزا درا.

دادگا، ٨ مانگ بەندکرانی ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایانی بە ٧٢٠ کاتژمێر وانەوتنەوە بە ئەندامانی کۆمیتە ئیمداد گۆڕیوە و لێدانی ٧٠ قامچییەکەشی بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەساردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ـ سەقز پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، سلێمان عەبدی ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی ناوبراودا مۆبایلەکەی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

لە مانگی خەرمانانی ١٤٠١دا قەرارێک لە دادگای سەقز دەرکرا و بەو پێیە بەڵگەیەک بۆ بەتاوانبارناسینی سلێمان عەبدی دەست نەکەوت.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١، ئەم چالاکە سێنفییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.