مەریوان؛ پەیام ئەحمەدی، کۆڵبەری لاو بە تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژرا
19:52 - 30 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی "پەیام ئەحمەدی" کوڕی سابیر و خەڵکی گوندی "بەرقڕوو" سەر بە شاری سەوڵاوا، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکومەت لە سنووری "هەنجیران"ی مەریوان گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوە و هۆشداریدانی پێشوو، تەقەی ڕاستەوخۆیان لەم کۆڵبەرە کردووە و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: دوابەدوای تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و دروستبوونی کەشی ئەمنیەتی لە ناوچەکە، تەرمی ئەم کۆڵبەرە سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە بۆ نەخۆشخانەی مەریوان ڕاگوێزرا.
پەیام ئەحمەدی خێزاندار بووە و منداڵی هەیە.