مەهاباد؛ ناڕوونیی چارەنووسی ئارش مەلائەحمەدی، کەیوان ئاشتاب و یوونس تەنهایی پاش تێپەڕبوونی ٨ هەتا ١٦ ڕۆژ

18:56 - 12 پووشپەڕ 2725

١٢ی پووشپەڕ؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی دەورەیەکی ٨ هەتا ١٦ ڕۆژە لەکاتی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی "ئارش مەلائەحمەدی"، "کەیوان ئاشتاب" و "یوونس تەنهایی"، سێ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی دەسبەسەرکرانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤، "ئارش مەلائەحمەدی" هاووڵاتیی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵكی گوندی "خانگە" سەر بە شاری مەهاباد، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە یەکی پووشپەڕی ١٤٠٤، "کەیوان ئاشتاب" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد و پەرستار لە نەخۆشخانەی ئەم شارە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

لەلایەکی دیکەوە سێزدە ڕۆژ پێشتر (بە ئەگەرەوە ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤) "یوونس تەنهایی" هاووڵاتیی کوردی خەڵكی گوندی "حەمزەئاباد" سەر بە شاری مەهاباد، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

دوای تێپەڕبوونی ٨ هەتا ١٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەم هاووڵاتییانە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوونەوە لە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان، هیچ زانیارییەکیان پێ نەدراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە ناڕوونە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە یوونس تەنهایی لە ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١یشدا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

یوونس تەنهایی خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.