بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئیبراهیم جانەفەرد، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و ڕاگواستنی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ

13:33 - 30 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ ئیبراهیم جانەفەرد، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئیبراهیم جانەفەرد، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "ڕەحیم خان" سەر بە شاری بۆکان و بەندکراوی سیاسیی پیشوو دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکانی ئیتلاعاتی دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان  دەسبەسەر کردووە و لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر مۆبایلەیەکدا گرتووە.

ئیبراهیم جانەفەرد چەند ساڵ پیش ئێستا بە هۆی پەیوەستبوون بە یەکێک لە حیزبە کووردستانییەکان و گەڕانەوە بۆ ئێران دەسبەسەر کرا و بە چوار ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسەسبەرکرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.