پیرانشار؛ دەسبەسەرکرانی حامید شامی و ناڕوونیی چارەنووسی

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی "حامید شامی" خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام بووە و ئەم هاووڵاتییە لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
حامید شامی پێشتریش بە تۆمەتی "هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ٢٥ ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسەسبەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.