ورمێ؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی عەلیڕەزا خالیدی پاش ١٢ ڕۆژ

16:50 - 12 پووشپەڕ 2725

١٢ی پووشپەڕ؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا "عەلیڕەزا خالیدی" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ بە شێوەی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤، "عەلیڕەزا خالیدی" تەمەن ٢٢ ساڵ، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "حەسەن ئاوا" سەر بە ناوچەی سۆمابرادۆستی ورمێ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەم لاوە کوردە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، تاکوو ئێستا ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ وڵامێکی ڕوونیان پێ نەداونەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.