سنە؛ دەسبەسەرکرانی چوار هاووڵاتی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

20:06 - 25 پووشپەڕ 2725

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی "دیار ئەحمەدی"، "ئەیووب ئەحمەدی"، "عەلی ئەحمەدی" و "عابید ئەحمەدی" خەڵكی گوندی "ئارەنان" سەر بە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم چوار هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردوون.

دیار ئەحمەدی، عەلی ئەحمەدی و ئەیووب ئەحمەدی کۆتاییەکانی مانگی خەرمانان و ڕەزبەری ١٤٠٢ش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چوار هاوولاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.