بۆکان؛ فریا چاوشینی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا

09:53 - 23 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤، لە درێژەی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە گوندی "داشبەند"ی بۆکان، "فریا چاوشینی" دووهەمین هاووڵاتیی خەڵکی ئەم گوندە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادری کوردپا؛ "فریا چاوشینی" تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "داشببەند" سەر بە شاری بۆکان، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەی بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کوردپا باسی لە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەم گوندە بە ناوی "ئیسماعیل چووکەڵی" تەمەن ٢٤ ساڵ کردبوو کە لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.