پیرانشار؛ دەسبەسەرکرانی زوبەیر مەحموودی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە و ناڕوونیی چارەنووسی

09:36 - 23 پووشپەڕ 2725

٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی "زوبەیر مەحموودی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤، "زوبەیر مەحموودی" تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵكی پیرانشار دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی، زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەکەی کوردپا دەڵێ؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە و زوبەیر مەحموودی لە مافی چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

زوبەیر مەحموودی لەدایکبوی ساڵی ١٣٧٢ و خێزاندارە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.