مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی سەلاح بەهامین لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار

09:14 - 23 پووشپەڕ 2725

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، "سەلاح بەهامین"، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕ دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی  دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان دوای هێرش بۆ سەر ماڵی ناوبراو وبە بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی وەک مۆبایلەکەیدا گرتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

سەلاح بەهامین لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٦ و خێزاندارە.