دەڕەشار_ئیلام؛ جێبەجێکرانی سزای لێدانی ٣٠ قامچیی ئارمان شادیوەند، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر لەسەر بنەمای تۆمەتی وەپاڵدراو لەلایەن لێپرسەکانیەوە

١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤، سزای لێدانی ٣٠ قامچیی ئارمان شادیوەند، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری کوردی خەڵکی شاری دەڕەشاری ئیلام، بە تۆمەتی بێڕێزی بە "ئیبراهیم ڕەئیسی" لە لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای دەڕەشار جێبەجێ کرا.
دادگا لە دەرکردنی حکومی قامچیدا پشتی بە وتەی لێپرسەکان و دۆسییەیەک کە بۆ ئئارمان شادیوەند کرابوویەوە، بەستووە. بەم جۆرە کە وتەکانی ئارمان شادیوەند لە لێپرسینەوەکان یان لە هەڵسوکەوت لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکان لە دۆسییەکەیدا هاتوون و وەکوو بێڕیزی بینراون. لە کۆتاییدا ڕاپۆرتی ئەم هێزانە وەکوو بەڵگەی سەرەکی، بە بێ ئاماژە بە نموونەکانی، بووەتە بنەمای دەرکردنی سزای قامچی بۆ ئەم هاووڵاتییە.
ئارمان شادیوەند دوو دۆسییەی لە دادگای سزاکان و ئینقلابدا هەیە کە لە ئاکامی هەردووکیاندا بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو و لێدانی ٣٠ قامچی مەحکووم کراوە.
دۆسییەی یەکەم؛ مەحکوومکران بە لێدانی ٣٠ قامچی لە دادگای سزاکان
ئارمان شادیوەند بەپێی دادنامەیەک لە ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا لەگەڵ تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "بێڕێزی بە بەرپرسان و مەئمووران" و "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ یان ڕێکخراوە دژبەرەکانی نیزام" بەرەوڕوو بووەوە کە لە کۆتاییدا بە تۆمەتی "بێڕیزی بە پێگەی سەرۆککۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی دەڕەشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەیووب عەلیجانی" بە لێدانی ٣٠ قامچی سزا درا. ئەو لەم دادگایەدا بە هۆی نەبوونی بەڵگە لە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان حەسەن نەسروڵڵا" بێتاوان ناسرا.
دۆسییەی دووهەم؛ دەرچوونی ٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو لە دادگای ئینقلاب
ئارمان شادیوەند، لە خەزەڵوەری ١٤٠٣دا بانگی لقی ٢ی دادیاریی داسەرای گشتی و ئینقلابی دەڕەشار کرا و پاش ئامادەبوون و تێگەیاندنی لە تۆمەتەکەی، بڕیاری یاسایی بۆ دەر چوو. ناوبراو لە ڕۆژی ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣دا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهانتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.
کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئارمان شادیوەند ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام بەڕێوە چوو. پاش دەرچوونی حوکمی سەرەتایی، شادیوەند داوای پێداچوونەوەی کرد و سەرئەنجام لە ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤دا لقی ٩ی دادگای پێداچوونەوە سزاکەی وەک خۆی پشتڕاشت کردەوە.
ئەم سزایە پێشتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە دەر کرابوو. لەسەر بنەمای دادنامەی لقی ٩ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام، بە سەرۆکایەتیی "تالب دەگونبەدی" بەرپرسی لق و "عەلی ئەسغەر شەریفی" ڕاوێژکاری دادگا. ئارمان شادیوەند بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری" بە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو و بۆ تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ دەسبەسەرکرانی داسەپاو سزا درا.