ورمێ؛ پێنج کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ بە لەسێدارەدان، بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی سزا دران

14:05 - 18 پووشپەڕ 2725

پژمان سوڵتانی، ڕزگار بەیگزادە بابامیری، عەلی (سۆران) قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور سەلیمی بابامیری، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا نەجەفزادە" و ڕاوێژکاریی "ئیسماعیل بەزرکاری" بە لەسێدارەدان، بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی حوکم دراون.

بەپێی سزای دیاریکراو، عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی بە تۆمەتەکانی "بەغی"، "موحاربە" و "سەردەستەبوون و پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری" لەژێر ناوی "ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان، شاماران، کۆمەڵە و پاک" هەر کامیان بە سێ جار لەسێدارەدران و هەروەها "ڕزگار بەیگزادە بابامیری" بە تۆمەتی "بەغی" و "سەردەستەبوون و پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری" لەژێر ناوی "ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان، شاماران، کۆمەڵە و پاک" بە دوو جار لەسێدارەدران و تەیفوور سەلیمی بابامیری کە لە خەرمانانی ١٤٠٣دا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو، بە تۆمەتی "سەردەستەەبوون و پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری" لەژێر ناوی "ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان، شاماران، کۆمەڵە و پاک" بە یەک جار لەسێدارەدران سزا دراوە.

ئەم پێنج هاووڵاتییە خەڵکی بۆکان بە تۆمەتەکانی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمنی ئیسرائیل"، "بەشداری لە قاچاخی ١٢٠ دەزگای ماهوارەی ستارلینک"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" بە ٥ هەتا ١٥ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و پێبژاردنی سەرجەم ٣٨٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی حوکم دراون.

سزاکان ڕۆژی شەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ بە پارێزەرەکانی ئەم پێنج بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندران.

پێشتر پژمان سوڵتانی بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لەلایەن لقی یەکی دادگای سزاکانی تایبەت بە مێرمنداڵانەوە لە پارێزگای ورمێ بە لەسێدارەدران سزا درابوو و ڕزگار بەیگزادەبابامیری و عەلی (سۆران) قاسمی بە تۆمەتی "هاوکاری لە کوشتن" بە ڕیز بە ١٥ و ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو حوک درابوون. کاوە ساڵحی تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسییەیەش لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان بێبەری کرا.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم بەندکراوانە لە ڕۆژی ٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ لە لقی یەکی دادگای سزاکانی تایبەەت بە مێرمنداڵان لە پارێزگای ورمێ بەڕێوە چوو و لە ڕۆژی ٢٦ی بەفرانباردا حکومەکەیان لە بەندیخانەەی ناوەندیی ورمێ پێ ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، عەلی (سۆران) قاسمی تەمەن ٢٨ ساڵ و کوڕی ناسر، پژمان سوڵتانی تەمەن ٣٢ ساڵ و کوڕی عەبدوڵلا و کاوە ساڵحی تەەمەن ٤٤٢ ساڵ و کوڕی ئەحمەد بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کران.

ڕزگار بەیگزادە بابامیری تەمەن ٤٧ ساڵ کوڕی سەلاحەدینیش ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هەروەها تەیفوور سەلیمی بابامیری لە ڕەشەمەی ١٤٠١دا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بانە دەسبەسەر کرابوو.

ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردەی خەڵكی شاری بۆکان، ماوەی چەند مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەی توندی فیزیکی و دەروونیدا بوون و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کران.