ئەمجەد گوریاخێز، چالاکی کرێکاری بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئەمجەد گوریاخێز، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.
ئەم چالاکە کرێکارییە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "هاندانی بازاڕییان بۆ مانگرتن" بە شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو و دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرا و ئەم حوکمە لە ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ بەم چالاکە کرێکارییە ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی سێشەممە ۷ی ڕەشەممەی ۱٤۰۳، ئەمجەد گوریاخێز، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، پاش ۳٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی به دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا.
ئەو چالاکە کرێکارییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.
ئارەزوو سەبووری هاوسەری ئەمجەد گوریاخێز دوابەدوای بەدواداچوون بۆ دۆخی هاوسەرەکەی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و هێزی ئینتیزامییەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی لێ کرابوو.
ئەمجەد گوریاخێز، لەگەڵ نەعیم دووستی لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ دا دوابەدوای مانگرتنی گشتی دژی سزای سێدارە دەسبەسەر کرا.