شنۆ؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی کامیار عوقابی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز

16:36 - 12 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کامیار (کەماڵ) عوقابی، هاووڵاتیی کوردی خەڵكی گوندی "باڵاگیر" سەر بە شاری شنۆ بە شێوەی توندوتیژانە و دوابەدوای هێرش بۆ سەر ماڵەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ کاتژمێر ٢ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی شنۆ هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی کامیار(کەماڵ) عوقابی لە گوندی "باڵاگیر" سەر بە شنۆ و بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەریان کردووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ: لانیکەم ١٥ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان و لیباس شەخسییەکان کە سواری سێ ماشین بوون و ڕووبەندیان پێ بووە، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە، لە ڕێگەی دەرگا و پەنجەرەوە هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە و دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

دوابەدوای ئەم هەوڵە توندتیژ و سەروویاساییەی هێزەکانی ئیتلاعات، دایکی کامیار عوقابی کە نەخۆشیی توندبوونی هەناسەی هەیە، بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.

کامیار عوقابی یەکێک لە ئەندامانی ناسراوی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "ژینکۆ"یە و لەم ساڵانەی دواییدا لە بواری پاراستنی ڕووباری "گادەر" چالاکیی زۆری هەبووە.

سەرچاوە ئاگادارەکەی کوردپا دەڵێ کە کامیار ساڵی ١٤٠٣ش دەسبەسەر کراوە و دواتر بە چوار مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.

کامیار(کەماڵ) عوقابی تەمەنی ٣٣ ساڵە و خێزاندارە.

ئەنجومەنی ژینگەپاریزیی "ژینکۆ" لە ساڵی ١٣٩٤ـەوە چالاکییەکانی خۆی لە شنۆ دەست پێ کردووە. ئەم ئەنجومەنە سەرەتا بە ناوی کوردیی "ژینکۆ" تۆمار کرابوو و لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی گوشار و سیاسەتەکانی حکوومەتەوە ناچار بوو بە بەفەرمی ناوی خۆی بۆ "کیله‌شین پویان سبز زاگرس اشنویه" بگۆڕێ. بەم حاڵەوە هەتا ئێستاش لەنێو خەڵکدا بە ناوی "ژینکۆ" ناسراوە.

ڕووبار گادەر لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی بەکارهێنان و هەڵگرتنەوەی خیز و ماسەکەی لەلایەن کارخانەی ماسەشووییەوە تێک چووە. ئەم هەڵگترتنەوەی خیزە کە زیاتر بە مۆڵەتی یاسایی و جاروبار بە شێوەی نایاسایی ڕوو دەدات، بەستێنی ڕووبارەکەی لە هەندێک ناوچەدا کردووەتە دەڕەیەکی قووڵ و بووتە هۆی وشکبوونی بیرەئاوەکان، وشکبوونی باخەکان، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و زۆربوونەوەی خاک و خۆڵ. سەرەڕای ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خەڵک و چالاکانی ژینگە و وەڕێخستنی چالاکیی "ڕزگارکردنی گادەر"، هەوڵێکی کارا لەلایەن بەرپرسانەوە نەدراوە. بڕگەی ٤٨ی یاسایی دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاویش ڕەوایی بە هەڵگەرتنەوەی بەردەوام بە بیانووی خاوێنکردنەوەی داوە و بەم جۆرە بەستێنی تێکدانەکەی زیاتر کردووە.