قانع خاتری، چالاکی مەدەنی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤، قانع خاتری چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئامادە بوو.
ئەم چالاکە مەدەنییە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفا عەزیزی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە هەشت مانگ بەندکران سزا درابوو.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، قانع خاتری بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، قانع خاتری، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ش، قانع خاتری بانگی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.
ئەم چالاکە مەدەنییە پێشینەی دەسبەسەرکران و سزادرانی هەیە.