بۆکان؛ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی مەلەک فەرەجبەیگی، چالاکی ژینگەپارێز دوای یەک حەفتە

١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک حەفتە لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "مەلەک فەرجبەیگی" چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی بۆکان، سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، "مەلەک فەرجبەیگی" هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک حەفتە، سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوەکەی کوردپا دەڵێ لە ماوەی ئەم یەک حەفتەیەدا "مەلەک فەرجبەیگی" هیچ پێوەندییەکی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە مافی چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەری کراوە.
"مەلەک فەرجبەیگی" چالاکی ژینگەپارێز و لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "وڵات" لە شاری بۆکانە.
ناوبراو کچێکی هەیە.