بۆکان؛ دریژەی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سمکۆ مەعرووفی، چالاکی مەدەنی و ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "وڵات" سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ

22:23 - 17 پووشپەڕ 2725

١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی سمکۆ مەعرووفی، چالاکی مەدەنی و ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپاریزیی "وڵات" و خەڵکی بۆکان، سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سمکۆ مەعرووفی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان و چالاکی مەدەنی و بەرپرسی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "وڵات" ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤ بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی بۆکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سمکۆ مەعرووفی لە ساڵانی ڕابردووشدا پێشینەی دەسبەسەرکران و سزادرانی هەبووە؛

ـ سمکۆ مەعرووفی ڕۆژی ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠، بۆ جێبەجێکرانی حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا. لقی ۱۰٤ی دادگای کەیفەریی بۆکان، سمکۆ مەعرووفیی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و دوو ساڵ قەدەغەکرانی چوونەدەرەوە لە وڵات مەحکووم کرد و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. ناوبراو لە ڕۆژی ١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٩دا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٢٥ ڕۆژ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی ئازاد کرا.

ـ سمکۆ مەعرووفی لە ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٨یشدا پاش کۆبوونەوەی پشتیوانی لە "ڕۆژاوا" لە بۆکان لەگەڵ ژاکاو ئیسماعیلپوور، هوومەن فەیزی و شاهۆ خزری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا و ڕۆژی دووشەممە ٦ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا و دواتر بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شیوەی کاتی ئازاد کرا. لە کۆتاییدا لە ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٨دا لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە تۆمەتی "تیكدانی نەزمی گشتی و بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پشتیوانی لە ڕۆژاوا" بە دوو ساڵ بەندکران سزا درا و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٩٨ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکە ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا و سەرەتاکانی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٩ ئازاد کرا.