بۆکان؛ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئیسماعیل سانیار، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنی

١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئیسماعیل سانیار، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئیسماعیل سانیار، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، دوابەدای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەلێ سەرەڕای تێپەربوونی پێنج ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو و چالاکە مەدەنییەی خەڵکی بۆکان، تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
پێویستە بگوترێ کە ئیسماعیل سانیار لە ڕۆژی ٢ی سەرماوەزی ١٣٩٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە مافی مرۆییەکان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی بۆکاندا لێپرسینەوە لێ کرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
ناوبراو لە یەکەمین کۆبوونەوەی دادگادا لە ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمەەی ١٣٩٤ لە لقی ١٠١ی دادگای گشتیی بۆکان، بێتاوان دەرچوو.
دوابەدوای ناڕەزایەتیدەربڕینی دادستانی بۆکان بەم حوکمە، دۆسییەکە ڕادەستی لقی ١٠١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ کرا.
لە کۆتاییدا لە سەماوزی ساڵی ١٣٩٥دا و پاش بەڕێوەچوونی دوو کۆبوونەوەی دادگا لەلایەن دوو دادوەر بە ناوەکانی "عەلیار خەلیلزادە" و "محەممەدحوسێن ڕەزایی"یەوە ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکاندا بە سێ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
ناوبراو ساڵی ١٣٩٨ بۆ جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا و لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا بە ڕاگەیاندنی لێبوردنی نەورۆزیی دەزگای دادوەری ئازاد کرا.