دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی حەمزە عوسمانی، عەبدوڵڵا باخە، ئومید باخە و ڕامیار ڕەزایی

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤، چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵكی گوندی "دەرەناخی" سەر بە شاری مەریوان، بە شێوەی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حەمزە عوسمانی" تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی ئەسعەد، "عەبدوڵلا باخە" تەمەن ٣٥ ساڵ و "ئومید باخە" تەمەن ٣٠ ساڵە هەردووکیان کوڕی عەلی و هەروەها "ڕامیار ڕەزایی" تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی فارووق، خەڵکی گوندی "دەرەناخی" سەر بە شاری مەریوان دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی "سەولاوا" لە کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤ بۆ سەر ماڵەکانیان دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند: دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە. هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان ماڵەکانیان پشکنیون و هەندێ کەلوپەلی کەسیی ئەوانیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ "ئومید باخە" و "عەبدوڵڵا باخە" برای یەکترن. لە کاتی دەسبەسەرکرانی "حەمزە عوسمانی"دا براکەی بە ناوی "ئەحسەن عوسمانی" ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و لە ئاکامدا ئەویش دەسبەسەر کراوە بەڵام پاش چەند کاتژمێر ئازاد کراوە.
ئەم سەرچاوەیە دەڵێ کە ئەم هاووڵاتییانە تاکوو ئێستا هیچ پێشینەیەکی کەیفەری یان دۆسییەی دادوەرییان نەبووە و جگە لە کرێکاری کارێکی دیکەیان نییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم کەسانە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.