شنۆ؛ مەجید دەریایی بە یەک ساڵ بەندکراوی داسەپاو سزا درا

مەجید (نەجمەدین) دەریایی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شنۆ، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی گرووپە دژبەرەکانی نیزام" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە یەک ساڵ بەندکراوی داسەپاو سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەم هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، مەجید دەریایی، بانگی لقی یەکی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ کرا و سەبارەت بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی لە بەرژەوەندیی دژبەرانی نیزام" بەرگریی لە خۆی کرد.
مەجید دەریایی پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتەکەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی کۆبونەوەکانی دادگا ئازاد کراوە.
شەو ٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٦، "مەجید دەریایی"، بە تۆمەتی "چالاکیی سیاسیی یەکێک لە منداڵەکانی بە ناوی ئاکام دەریایی" بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرش بۆ سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو پێشتر چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی لێ کرابوو.
لە کۆتاییدا ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٧، مەجید دەریایی و پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ، سەرجەم بە ١٦ ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا دران کە مەجید دەریایی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بە دوو ساڵ بەندکران سزا درا.
هەروەها "فەتاح عەلیکورد" خەڵکی گوندی "نەرزیوێ" بە سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکران، "یوونس شەریفی" خەڵکی شنۆ بە سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکران، "حامد زەریفە" خەڵکی گوندی "خۆرشت" بە سێ ساڵ بەندکران، "محەممەدئەمین فەزڵی" خەڵکی گوندی "بێمزۆرتێ" بە دوو ساڵ بەندکران و محەممەد مەحموودتاش" خەڵكی گوندی "خۆرشت" بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا دران.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠، یەکێک لە کوڕەکانی مەجید دەریایی بە ناوی "نەجیب دەریایی" بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوو حەفتە پێش دەسبەسەرکرانی، بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.