سنە؛ دۆسییەسازی و بانگکردنی ١٥ چالاکی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بۆ لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەری ٢ی سنە

09:36 - 13 جۆزەردان 2725

لە درێژەی گوشار و سەرکوتی چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٤، سەرجەم ١٥ چالاکی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بانگی لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەری ٢ی سنە کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ محەممەدڕەزا مورادی، سەلاحەدین حاجی‌میرزایی، بێهزاد قەوامی، سەید غیاس نێعمەتی، ڕەزا تەهماسبی، شەهریار نادری، ئارام ئیبراهیمی، سادق کەنعانی، مەجید کەریمی، موختار ئەسەدی، فاتمه زەندکەریمی، نەسرین کەریمی، فەیسەڵ نووری، ڕزگار حەیدری و کوورش عێزەتی ئەمینی، لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی سنە به تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بانگی لقی ١٠٩ی  دادگای کەیفەری ٢ی سنە کران.

ئەم چالاکە سێنفییانە بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٤ پێیان گەیشتووە دەبێ ڕۆژی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤ بە مەبەستی ئاخرین بەرگری لە لقی ناوبراو ئامادە بن.

دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە لە ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا، بە دەرکردنی بەڵگەی بۆ بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەم چالاکانە بە ئاگاداربوون لە بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی جۆزەردانی ١٤٠١ داوای دەرکردنی سزای بۆ کردبوون.

هەر لەم پێوەندییەدا؛ کوردپا لە ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا لە ڕاپۆرتێکدا  لەژێر ناوی "لە سزاکانی بڕینی پلەبەندی تا دوورخستنەوە و دەرکردن دژی مامۆستایانی کوردستان + ٤٧ ناو" پەرژایە سەر بەڵگەکانی سەرکوتی مامۆستایان لە شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان، دیواندەرە، زێویە و دێولان لەلایەن پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دژی ٤٧ چالاکی سێنفیی مامۆستایان، سزای جۆراوجۆر لە بڕینی پلەبەندی هەتا دوورخستنەوە و دەرکردن دەرچووە. ئەم سزایانە پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە پێوەندی لەگەڵ سەرکوتی قوتابخانەکان و مامۆستایانی سێنفیی کوردستان ڕووی داوە.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەرکوتی سیستماتیکی مامۆستایانی کوردستان بەتایبەت هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازدییان مەحکووم کرد؛ و خوازیاری ڕاگرتنی سەرکوتە نایاسییەکان دژی مامۆستایان، چاوەدێریی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەسەر دۆخی ئەوان و گوشار خستنەسەر حکوومەتی ئێران بۆ ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی مامۆستایان بوون.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، مامۆستایانی کوردستان ڕوو لە بەرپرسان و ڕای گشتی نامەیەکی سەرئاوەڵایان بڵاو کردەوە کە وێڕای ئاماژە بە دۆخی نالەباری دادپەروەریی پەروەردەیی، قوتابخانەکان و مامۆستایان؛ ئاماژەیان بە جۆرەکانی سەرکوتی مافخوازیی مامۆستایان بەتایبەت دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کردووە. لەم نامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١دا دژی مامۆستایان تاوان دیاری کراوە و و بە دەسبەسەرکردن، باتوم لێدان، ٧٠٠ حاڵەتی کەمکردنەوەی مووچە، ٤٧ حاڵەتی بێبەریکردن لە پلەبەندی و نایاسایی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان دۆسییەسازییان بۆ کراوە. هەروەها لە ساڵی ١٤٠٢ و ١٤٠٣دا قوتابخانە و ئیدارەکان بوونەتە پادگان و دۆسییەسازی بۆ زیاتر لە هەزاران مامۆستا کراوە و دەیان مامۆستا لەگەڵ حوکمی دەرکران، دوورخرانەوە لە کار، دوورخرانەوە، خانەننشینکرانی زۆرەملێ و ... بەرەوڕوو بوونەتەوە. ئەوان ئەم هەڵسوکەوتەیان لە کارنامەی ڕەشی بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنانی کوردستان و بەرپرسانی باڵای پارێزگا و بەرپرسانی وڵاتدا تۆمار کردووە کە هێشتا لە بەرپرسایەتیدان و خەریکی درێژەدان بە دۆسییەسازین.