گرتنگەی ئیلام؛ مانگرتن لە خواردنی کیانووش چراغی بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دەرچوونی بڕیاری یەک مانگەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە

14:34 - 8 پووشپەڕ 2725

٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ کیانووش چراغی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی دێهلوڕان هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە بڕیاری یەک مانگەی دەسبەسەرکران و وەپاڵدانی تۆمەتی بێبنەما دژی خۆی مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ کیانووش چراغی لە بەندکراوانی سیاسیی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ـەوە هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕاگواستنی بۆ گرتنگەی ئیلام، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە بڕیاری یەک مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی و ڕاگیران و ناڕوونیی دۆخی و وەپاڵدانی تۆمەتی بێبنەما لە دژی خۆی، مانی لە خواردن گرتووە و لە ڕۆژی هەینی ٦ی پووشپەڕەوە لە ئیمکاناتی دۆخێکی مرۆیی بێبەری کراوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی کە کیانووش چراغی لە ژووری دابڕگە لەگەڵ ١٥ کەسی تۆمەتبار بە "کوشتن" دەسبەسەر کراوە و لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کیانووش چراغی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دێهلوڕان و لە بەندکراوانی سیاسیی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دووبارە ە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئیلام ڕاگوێزرا. دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە تەنیا یەک مانگ پاش ئازادبوونی لە بەدنیخانەی ماپارەی ئیلام و گۆڕدرانی سزاکەی بۆ بەندکرانی هەڵپەسێرداو بووە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کاتژمێر ١٠ی بەیانی هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی چوونە ماڵی کیانووش چراغی و پێیان وت کە بۆچی وڵامی بەڵگەی بانگکرانەکەی نەداوەتەوە؛ ئەمە لەکاتێکدایە کە هیچ چەشنە بەڵگەیەک بە کیانووش نەگەیشتبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان هەر ئەو کات واژۆیەکی لێ وەردەگرن و لە ماڵەکەی دەچنە دەرەوە. یەک کاتژمێر دواتر هێزە ئەمنییەتییەکان جارێکی دیکە دەچنە ماڵەکەی و پێی دەڵێن کە بۆ "وڵامدانەوەی چەند پرسیار" دەبێ لەگەڵیان بڕوات. ئەوان دواتر هێنایانەوە بۆ ماڵەکەی تاکوو کەلوپەلە کەسییەکانی خۆی کۆ بکاتەوە و دواتر ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ئیلامیان کرد. دەوترێت کە بڕیاری دەسبەسەرکرانی سەرەتایی ناوبراو ١٠ ڕۆژ ڕاگەیەندراوە.

لە هەمان ڕۆژدا (٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤) ئەکرەم سەبزی، هاوسەری کیانووش چراغی کە پێشتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو (و ئەم سزایە دواتر بۆ ٨ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی و دواتر بۆ بەندکرانی داسەپاو گۆڕدرا)، بەڵگەیەکی بانگکرانی فەرمیی پێ گەیشتووە. لەم بەڵگەیەدا جەخت کراوەتەوە کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، سزا هەڵپەسێڕدراوەکە و سزا نەختییەکەی جێبەجێ دەکرێن. هەروەها لەم بەڵگەیەدا تۆمەتگەلێک دژی ناوبراو هاتوون لەوانە؛ "بێڕیزی بە هێزەکانی دەوڵەت لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرک" و "یارمەتیدانی تۆمەتبار بۆ هەڵهاتن" لە کاتێکدا کە هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی. لە درێژەدا ناوبراو بە پێبژاردنی دوو میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا و لە بەڵگەکەدا هاتووە کە ئەم بڕە پارەیە دەبێ لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ڕادەست بکرێ.

کیانووش چراغی پێشتر لە ڕەزبەری ١٤٠٢دا بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو و لە خەزەڵوەری هەمان ساڵدا، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" بە دوو ساڵ بەندکرانی دیکە و نووسینی ٢٠٠ لاپەڕە لێکۆڵینەوە وەکوو سزای تەواوکەر مەحکووم کرابوو. ناوبراو لە بانەمەڕی ١٤٠٣دا بە بڕیاری ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرابوو.