سنە؛ مامۆستا بەرزان مەلەکی بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو و وەرگرتنەوەی یەکجاریی جلوبەرگی ئایینی مەحکووم کرا

22:45 - 7 پووشپەڕ 2725

مامۆستا بەرزان مەلەکی، پێشنوێژی هەینی و مامۆستای مزگەوی جامێعەی شێخەینی سنە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو و وەرگرتنەوەی یەکجاریی جلوبەرگی ئایینی مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤، دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا ئەم حوکمەی بەم مامۆستا ئایینییە ڕاگەیاندووە.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم مامۆستا کوردە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤ لە دادگای تایبەتی ڕۆحانیییەتی هەمەدان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ئەم مامۆستایە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی هەمەدان ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، مامۆستا بەرزان مەلەکی، پاش بانگکران بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان و ئامادەبوون لەم دادگایەدا، دەسبەسەر کرا.

هەروەها ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، بانگی ئیتلاعاتی سنە کراوە و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ٢٠ کیلۆمیتری شاری سنە بۆ دێولان، مامۆستا بەرزان مەلەکی و ژمارەیەک لە قوتابییەکانی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوون.

مامۆستا بەرزان و قوتابییەکانی لەسەر بانگهێشتی مزگەوتی مەکیی زاهێدان خەریکی چوون بۆ زاهێدان بوون کە پێش بە سەفەرەکەیان دەگیرێ و دەسبەسەر دەکرێن.