بۆکان؛ کەریم قادرپوور باوکی مافخواز دەسبەسەر کرا

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، کەریم قادرپوور، باوکی ئاوات قادرپوور، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم باوکە مافخوازەیان دەسبەسەر کردووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئاوات قادرپوور تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "مەڵالەر" و دانیشتووی بۆکان کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان بەسەختی بریندار کرابوو؛ لە ئاکامی قووڵیی برینەکانی لە ڕۆژی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠١دا لە نەخۆشخانەی "سەیدوشوهەدا"ی ورمێ گیانی لەدەست دا. ئەم لاوە تەمەن ٢٠ ساڵە لە نێو ماشینەکەی خۆیدا و لە خاڵی پشکنینی "ناچیت" تەقەی لێ کرابوو.
١٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئاوات قادرپووربە شەودا و لەژێر چاوەدێریی چڕێ ئەمنیەتییدا لە گەندی "مەڵالەر" بەڕێوە چوو.