مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ڕێبوار مستەفازادە، ڕاهێنەری فووتباڵ و ناڕوونیی چارەنووسی دوای تێپەڕینی ٥ ڕۆژ

٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی بەرینی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان، ڕێبوار مستەفازادە (ناسراو بە ڕێبوار کاپلۆ)، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد و لە ڕاهێنەرانی فووتباڵ لەم شارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ڕێبوار مستەفازادە پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی مەهاباد بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەم ڕاهێنەرە، تاکوو ئێستا سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو زانیارییەک دەست نەکەوتووە.