سنە؛ دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی جەلال خودامورادی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

22:21 - 7 پووشپەڕ 2725

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤، جەلال خودامورادی چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە بە شێوەی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکەی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە کوردە لە "حەسەناوا"ی سنە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردووە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان هەروەها مۆبایل و هاردی کامێرا چاوەدێرییەکانی ماڵی ئەم هاووڵاتییەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ڕۆژی هەینی ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ش، جەلال خودامواردی چالاکی مەدەنی و لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی "حەسەناوا"ی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی فەراجاوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوکەی ئازاد کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی جەلال خودامورادی زانیارییەک دەست نەکەوتووە.