نەغەدە؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی شەش هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و ناڕوونی چارەنووسیان

20:25 - 7 پووشپەڕ 2725

٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ لە ماوەی ڕۆژانی ٣ و ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا، شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەمین باشوکی، کاوە قادری، ڕەحمان خاڵخانی، فەرهاد کەریمی، سامان کاکەمەمی و سامان سەید مەحموودیان کە هەموویان خەڵکی نەغەدەن لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، "سامان (سەلام)سەید مەحموودیان تەمەن ٣٠ ساڵ و سامان کاکەمەمی، هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی نەغەدە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ لە دەرەوەی ماڵ (سامان سەید مەحموودیان لە شوێنی کارەکەی خۆی و سامان کاکەمەمی لە نێو شار)، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئەمین باشوکی، کاوە قادری، ڕەحمان خاڵخانی و فەرهاد کەریمی (ناسراو بە فەرهاد کانادا) هاووڵاتییانی کوردی خەڵكی نەغەدە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ، هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێ کەلوپەلی کەسیی ئەم هاووڵاتییانە وەک مۆبایل و لەپتابیان بە بێ بەڵگەی یاسایی لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبووەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان زانیارییەک دەست نەکەوتووە.