شنۆ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی خالید بایزیدی

سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەفتە لە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەک بە ناوی "خالید بایزیدی" خەڵکی شنۆ سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ناوەندە دادوەری و ئەمنییەتییەکان لە وڵامی بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردەدا ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکنی ورمێ کراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، خالید بایزیدی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
خالید بایزیدی تەمەنی ٤٣ ساڵە، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە.
هەتا کاتی بڵاوبووەنەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.