سەقز؛ دەسبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی پێنج هاووڵاتیی کورد

23:25 - 12 جۆزەردان 2725

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "هیوا ئەحمەدی"، "سۆران سوڵتانی"، "ڕەحیم قودرەتی»، "محەممەد زەبیحی" و "ئیدریس عەلیمحەممەدی" خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەم شارە ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم پێنج هاووڵاتییەیان لە ماڵەکەی خۆیان دەسبەسەر کردوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم پێنج هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

 ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم پێنج هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسیان بێ ئاکام بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم پێنج هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.