شنۆ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی عومەر محەممەدی، نووسەر و شاعیری کورد و ناڕوونیی چارەنووسی

12:17 - 4 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، عومەر محەممەدی، نووسەر، شاعیر و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵكی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم نووسەرە و دەسبەسەریان کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: عومەر محەممەدی بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەبارەت بە چارەنووسی ئەم شاعیرە کوردە پاش دەسبەسەرکرانی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە، ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ پەردەلادان لە دوو بەرهەمی ئەم نووسەرە بە ناوەکانی "زمانناسیی هەوا ڕەسەنەکانی کوردی" و " خوەندن و نڤیساندنا زمانێ کوردی" لە شنۆ بەڕێوە چوو.

عومەر محەممەدی ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ و لە دامەزرێنەرانی ناوەندی "زانستپەروەری بۆ ژیان"ـە و لە ساڵی ١٣٧٩ـەوە چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی خۆی دەست پێ کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم نووسەرە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.