سزای لەسێدارەدانی ئیدریس ئالی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ لە بەندیخانەی ورمێ جێبەجێ کرا

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤، حوکمی ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی گوندی "دۆڵەگەرم" سەر بە شاری سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان کە پێشتر بە تۆمەتی "موحاربە و افساد فیالارض لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە دژبەرەکان بە قازانجی ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درابوون، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.
هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم سێ بەندکراوە کوردەیان "درێژەی هەوڵە لێبڕاوانەکانی دەزگای دادوەری لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مۆرەکانی ئیسرائیل" ڕاگەیاند.
ئەم سێ هاووڵاتییە پووشپەڕی ١٤٠٢، لە سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران.
ئەم سێ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون و پاش زیاتر لە سێ مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی بۆ یەکەمین جار ئیزنیان پێ دراوە کە پێوەندی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بگرن.
هێزە ئەمنییەتییەکان ئەم سێ هاووڵاتییەیان بە "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و "گواستنەوەی پێداویستی بۆ کوشتنی فەخریزادە" تۆمەتبار کردووە.
ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی لە سنووری سەردەشت خەریکی کۆڵبەری بوون. لەگەڵ ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ کە لە سنووری سلێمانی کاسبکارە، لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان ڕەت کردووەتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکان بە ئەشکەنجە ئەم سێ هاووڵاتییەیان ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆیان کردووە.
ئەم سێ هاووڵاتییە پاش زیاتر لە ٨ مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزران.
کۆبوونەوەی داداگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم سێ هاووڵاتییە لە ڕۆژی یەکی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە لقی ٢ی داداگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و سەرەتاکانی خەزەڵوەری هەمان ساڵ دەرچوونی سزای سێدارە دژی هەر سێکیان ڕاگەیەندرا.
ئەم سێ بەندکراوە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکانی دادسەرادا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوون و پاش ڕەوانەکردنی دۆسییەکەیان بۆ دادگای ئینقلاب ئیزنی دەسپێڕاگەیشتن بە بە پارێزەریان پێ دراوە.
ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی هێزی دادوەری ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کوشتنی فەخریزادە بە بێ ئاماژە بە ناوی ئەم سێ بەندکراوە ڕایگەیاند: "سەبارەت بەو سێ کەسە کە ناویان هێنراوە، ڕەوتی دادوەری لە قۆناغی دادسەرا و دادگا، لە دادگای ئینقلابی ورمێ جێبەجێ کرا و لە قۆناغی سەرەتاییدا ئەم سێ کەسە بە لەسێدارەدران سزا دران و دۆسییە لە قۆناغی داواکاری بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارەیە."
ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، هەر دووکیان خێزاندار بوون و بە ڕیز خاوەنی دوو و سێ منداڵ بوون.