ژمارەی دەسبەسەرکراوانی پیرانشار لە ماوەی دوو ڕۆژدا گەیشتە ٤ کەس

ئەحمەد مام شەریفی، سادق مەحموودنژاد، سەیدڕەحمان حوسێنی، ئاریان مەشایخی
یەکی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ لە ماوەی ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا، لانیکەم چوار هاووڵاتیی کورد لە پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران. "ئەحمەد مام شەریفی"، سادق مەحموودنژاد"، "سەیدڕەحمان حوسێنی و "ئاریان مەشایخی" ناوی ئەو هاووڵاتییە کوردانەیە کە بە بێ بەڵگەی یاسایی و دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکەی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان، "ئاریان مەشایخی" کوڕی زورار، خەڵکی گوندی "گردڕەحمەت" و "سادق مەحموودنژاد" کوڕی تەها، خەڵکی گوندی "جەڕان" سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران. ڕۆژی دواتر هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤، "سەیدڕەحمان حوسێنی (دلاوەران)" و "ئەحمەد مام شەریفی" کوڕی عومەر، خەڵکی گوندی "سێلوێ" و دانیشتووی پیرانشاریش هەر لەم پێوەندییەدا دەسبەسەر کرا.
لە هەر چوار حاڵەتدا دەسبەسەرکرانەکە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکانیان.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران، دۆخی یاسایی و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. درێژەکێشانی ماوەی بێئاگابوون و وڵامدەرنەبوونی ناوەندە بەرپرسیارەکان، نیگەرانیی بنەماڵەی ئەم دەسبەسەرکراوانەی زۆرتر کردووە.
پێویستە بوترێ کە سادق مەحموودنژاد لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە چاویشی بریندار بووە. ناوبراو ١٥ ڕۆژ بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و لە درێژەدا لە دوو دۆسییەی جیاجیادا لەلایەن دادگاکانی ئینقلاب و کەیفەرییەوە بە بەندیخانە و سزای نەختی سزا درا.
ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە پێنج ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درا. هەروەها لە گەلاوێژی ١٤٠٢دا لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو و لێدانی ٣٠ قامچی مەحکووم کرا و پاش ناڕەزایەتیدەربڕین ئەم سزایە بە پێبژاردنی ٨ میلیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕدرا. ناوبراو ڕۆژی ١٢ی بەفرانبار پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.