بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی عەلی محەممەدی، باوکی مافخواز لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

16:50 - 1 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، عەلی محەممەدی، باوکی شەهریار محەممەدی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ناوبراو بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شاری بۆکان دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم باوکە مافخوازە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، شەهریار محەممەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا و پاش کوژرانی هاوڕێکەی بە ناوی محەممەد حەسەنزادە بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکان لە ٢٥ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە شناسایی کرا و دوای کەوتن. هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت بۆ کوشتنی شەهریار لە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان لە فەلەکەی عەلی ئاباد هەتا بێهزیستییان بەستبوو و ماشینەکەی شەهریاریان گەمارۆ دابوو و بە چەک و فیشەکی جەنگی تەقەیان لێ کردبوو و ماشینەکەیان کون کون کردبوو. هێزە سەرکوتکەرەکان پاش تەقەکردن لە شەهریار لە ترسی خەڵک و بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان دەسبەجێ شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێ هێشتبوو و شەهریار پاش ٢٠ خولەک بانگی دایکی دەکا و بە ناڵە و هاوار داوای یارمەتی دەکات. ئەم هاووڵاتییە ٤٠ خولەک پاش ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی "قولیپوور" و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ژیان، گیانی لەدەست دا.