سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنی بە سێ مانگ بەندکراوی داسەپاو و سێ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درا

سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ یان ڕێکخراوەکانی دژبەری نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ئەم شارەوە بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو و سێ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سوهەیلا مەتاعی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ چووەتە دادگا و ئەم سزایە بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.
کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆەمەتەکانی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە لە ڕۆژی ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لە لقی ١٠٢ دادگای کەیفەری ٢ی دێولان بەڕێوە چووبوو.
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەم چالاکە مەدەنییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا لێپرسینەوەی لێ کراوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان لە پێوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژن لە سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
سوهەیلا مەتاعی کە لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا دەسبەسەر کرابوو، لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا و هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتیی نا بۆ سێدارە، دوابەدوای چوونەدەرەوە لە ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و هەمان ڕۆژ پاش کردنەوەی دۆسییە لە دادگا، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
سوهەیلا مەتاعی پێشتر دوو جار لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ لە کوردستان دەسبەسەر و بە بەندکران سزا درا.
ناوبراو جاری یەکەم لە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠١دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. دواتر لە خەزەڵوەری ١٤٠١دا دیسانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەلەی ڕەوانەی کانوونی ئێسلاح و تەربییەتی سنە کرا.
لە کۆتاییدا ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ لەلایەن لقی ٢ی دادگای سزاکانی دێولانەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ١٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو، "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە ١٥ مانگ بەندکرانی داسەپاو، "تێکدانی ڕای گشتی" بە ١٣ مانگ بەندکرانی داسەپاو، "گوێنەدان بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی" بە ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو و "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکانی نیزام" بە ٩ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
بەپێی یاسای زۆربوونی سزاکان، سزای ١٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو بۆ ئەم هاوڵاتییە جێبەجێ دەکرێ.
سوهەیلا مەتاعی لە دادگایەکی چەند خولەکیدا بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس دادگایی کرابوو.