سەقز؛ پێنج هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە ئازاد کران

23:34 - 28 جۆزەردان 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٤، پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "هیوا ئەحمەدی"، "سۆران سوڵتانی"، "ڕەحیم قودرەتی"، "محەممەد زەبیحی" و "ئیدریس عەلیمحەممەدی" خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم پێنج هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سەقزەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزران.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری بوون.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم پێنج هاووڵاتییەیان لە ماڵەکانی خۆیاندا دەسبەسەر کردن.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.