مەریوان؛ عادڵ پیرووزی، بەندکراوی سیاسی نێردرایە مورەخەسی

11:27 - 12 جۆزەردان 2725

ڕۆژی شەممە ١٠ی جۆزەدانی ١٤٠٤، عادڵ پیرووزی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی "سەردۆش" سەر بە شاری مەریوان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ئەم شارەوە نێردرایە مورەخەسی.

ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ئەم بەندکراوە سیاسییە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێراندا" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو و ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوەی سنەدا پشتڕاست کرابوویەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٢، عادڵ پیرووزی بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، عادڵ پیرووزی پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی مەریوان دەسبەسەر کرابوو و بە درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانە کاتییەکەی بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ ئەم هاووڵاتییە هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی کۆرۆنا لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا.

عادڵ پیرووزی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کرا و پاش دوو مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم لاوە کوردە هەر بەم تۆمەتە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و زستانی ١٣٩٨ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندیخانەی مەریوان ڕاگوێزرا.