ئەمجەد گوریاخێز، چالاکی کرێکاری بە شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو و دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درا

13:03 - 22 جۆزەردان 2725

ئەمجەد گوریاخێز، چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو و دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم چالاکە کرێکارییەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "هاندانی بازاڕییان بۆ مانگرتن" تۆمەتبار کردووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئەم سزایە لە ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا بەم چالاکە کرێکارییە ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێشەممە ۷ی ڕەشەممەی ۱٤۰۳، ئەمجەد گوریاخێز، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، پاش ۳٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی به دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ئارەزوو سەبووری هاوسەری ئەمجەد گوریاخێز دوابەدوای بەدواداچوون بۆ دۆخی هاوسەرەکەی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و هێزی ئینتیزامییەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی لێ کرابوو.

ئەمجەد گوریاخێز، لەگەڵ نەعیم دووستی لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ دا دوابەدوای مانگرتنی گشتی دژی سزای سێدارە دەسبەسەر کرا.