کوچکەڕەش چاوەڕێمانە؛ زنجیرەی مرۆیی و ڕێپێوان دژی تێکدان و داگیرکردنی ئەم کێوە هێمایینە

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکان و ئەنجومەنە ژینگەپارێزی، مەدەنی و شاخەوانییەکانی سنە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە تێکدان و داگیرکردنی کێوی کوچکەڕەش، ڕێپێوانێکیان بەرەو بەرزاییەکانی ئەم کێوە ڕێک خست و بە دروستکردنی زنجیرەیەکی مرۆیی لە کوچکەڕەشەوە بەرەو شاری سنە. ئەم تێکدان و داگیرکارییە چەن ساڵەیان مەحکووم کرد و خوازیاری ڕاگرتنی بوون.
ئەم هەوڵە خەڵکی و مەدەنییە لەژێر ناوی "کوچکەڕەش چاوەڕێمانە"، بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە ئەنجومەنە ژینگەپارێزی، مەدەنی و شاخەوانییەکان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە تێکدان و داگیرکردنی ئەم کێوە مێژووییە ڕێک خرا. بەشداربووان بە بەدەستەوەگرتنی پلاکاردگەلێک، ئەم داگیرکارییەیان مەحکووم کرد.
هەندێک لە دروشم و نووسراوەی سەر پلاکاردەکان بریتی بوون لە:
ـ ئەمجارە داگیرکارانی زەوی چاوی تەماعیان بڕیوەتە کێو و تەپۆڵکەکانی سنە
ـ دەستی تاڵان گەیشتووەتە ڕوخساری کوچکەڕەش
ـ کێوی کوچکەڕەش میراتی مەعنەوی و سەرمایەی نەتەوەیی نەوەکانی داهاتوی ئێمەیە، تێکدان و داگیرکردنی کێوی کوچکەڕەش خیانەتێکی ئاشکرا بە خەڵکی سنەیە.
ـ کوچکەڕيش هێمای ڕەسەنایەتیی شاری سنەیە، تێکی مەدەن
ـ نە بۆ هەر چەشنە بیناسازی و داگیرکارییەک لە کێوی کوچکەڕەش
بەردەوامیی تێکدان وهەڕەشە دژی میراتی کولتووری و خەڵكیی کوچکەڕەش لەژێر سێبەری کەمتەرخەمیی ناوەندە بەرپرسەکان؛
لە کاتێکدا کە ساڵانێکە کێوی مێژوویی و سروشتیی کوچکەڕەش بووەتە ئامانجی داگیرکاری، خاکڕاماڵین و بیناسازیی نایاسایی، تێکدانی ساختاریی ئەم میراتە خەڵكییە بەرەبەرە زیاد دەکات بە بێ ئەوەی کە هەوڵێکی جیددی لەلایەن ناوەندە پێوندیدارە بەرپرسەکانەوە ببینرێت.
لە ڕابردوودا وادەگەلێک بۆ گۆڕینی کاربەریی دەوروبەری کوچکەڕەش بۆ پارک و پێشگرتن لە هەر چەشنە داگیرکارییەک ڕاگەیەندرابوو، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ساڵ، نەتەنیا ئەم وادە و بەڵێنانە نەچوونەەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە بەڵکوو دۆخی ئەم کێوە لە بواری ژینگەیی و شارییەوە بەرەو خراپبوونە.
هاوکات ناوەندگەلێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵیان لە پێدان و پێناسەی کاربەریی ئەم زەوینانەدا هەبووە، ئێستا بە شانۆگەری لە میدیاکان، لە وڵامدانەوە سەبارەت بە ڕۆڵی خۆیان لە تێکدانی وردەوردەی ئەم کێوە خۆ دەبوێرن.
کوچکەڕەش قوربانیی گەشەی بێ پلان و ناڕوونی؛
کوچکەڕەش نە تەنیا بەشێک لە یادگەی ژینگەیی و میژوویی سنەیە، بەڵکوو جێگای هەنەسەدان و سەرمایەی هێمایینی ناوەکانی داهاتوو بەئەژمار دێت. هەر جۆرە تێکدان و داگیرکارییەک لەم کێوە، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی هاووڵاتییان سەبارەت بە ژینگەی تەندروست و میراتە سروشتییەکانیانە.